دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل هێرشەکانی سەر غەززەی چڕکردەوە؛ لە ڕۆژێکدا زیاتر لە 100 کەس کوژراون

هەرێم نیوز

دوابەدوای پەرەسەندنی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لانیکەم 103 کەس گیانیان لەدەستدا. ئەمەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە هاتنی ناردنی هاوکاری بۆ غەززە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەی سەرەتایی گیانلەدەستدان 34 کەس بووە کە زۆربەیان دانیشتووی پارێزگای خان یونس بوون. بەڵام لەگەڵ زیاتربوونی هێرشەکان بە درێژایی ڕۆژەکە، بەتایبەتی لە باکووری کەرتی غەززە، ژمارەی کوژراوان زیاتر لە سێ هێندە زیادی کردووە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. نەخۆشخانەکان ڕووبەڕووی کەمییەکی زۆر لە کەرەستە و دەرمان بوونەتەوە و زۆرێک لە خێزانەکان بەردەوام لە جموجۆڵدان بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەک.

بەپێی زانیارییەکان، خانوو و خێمەی ئاوارەکان لە خان یونس و چەند شوێنێکی دیکە کراونەتە ئامانج. ئیسرائیل دەڵێت نەخۆشخانە و زانکۆ و قوتابخانەکان بوونەتە شوێنی "بنکەی تیرۆریستی" حەماس.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەر لە سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودیە و ئیمارات و قەتەر دەست بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە ناکات.

هەفتەی ڕابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو کە ئەوان لە لێواری "چوونە ناوەوەی فراوان و هەمەلایەنە"دان بۆ غەززە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل بەنیازە دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت و لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بیهێڵێتەوە.

کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕەتیدەکەنەوە کە قەیرانی برسێتی لە غەززە ڕووبدات و دەڵێن، بەهۆی قەبارەی ئەو یارمەتییانەی کە لە ماوەی ئاگربەستی دوو مانگەدا هاتوونەتە ناو غەززە، قەیرانێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە.

بەگوێرەی ئاماری ئیسرائیل، زیاتر لە 25 هەزار بارهەڵگر کە نزیکەی 450 هەزار تۆن کاڵایان هەڵگرتووە، لە کاتی ئاگربەستەکەدا چوونەتە ناو غەززە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە واتە نزیکەی 10 هەفتە لەمەوبەر، هیچ هاوکارییەک بە خۆراک، دەرمان، یان هاوکارییەکی دیکەوە نەهاتۆتە ناو غەززە و دەزگا نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییان داوە لە دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە غەززە.

دەزگاکانی فریاگوزاری ڕایانگەیاندووە، خەڵک بەهۆی برسێتیەوە دەمرن، بەهۆی ئاوی پیسەوە نەخۆش دەکەون و بەدەست نەخۆشی چارەسەرکراوەوە دەناڵێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP