هەرێم نیوز
ڕاوێژكارێکی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەبارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتۆن ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن وێستگەیەكە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قوڵییەكان لەگەڵ ئەمریكا و لە كاتێكی هەستیاردا دێت، دهشڵێت، بابەتی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەپێش هەموویانەوە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە پەیوەندیی بە ژیانی هەموو خێزانێكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی گفتوگۆكان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی 5ی 2025، نوورەدین وەیسی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا روونی كردەوە، ئەم سەردانە كە بە بانگهێشتی فەرمییە و بە یەكەم سەردانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتۆن دادەنرێ لە سەردەمی سەرۆك ترەمپ، وێستگەیەكی دیكەیە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و دەرفەتێكیشە بۆ تاوتوێكردنی دۆسییە بنەڕەتییەكان. لەمبارەیەشەوە وەیسی ئاماژەی بە ئاڵنگارییەكانی ئێستای پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا كرد.
ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختیشی كردەوە: "سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن وێستگەیەكە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قوڵییەكان لەگەڵ ئەمریكا و لە كاتێكی هەستیاردا دێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەی گرنگ و هاوبەش كە هاوبەشیی نێوان هەردوولا بەهێز دەكات و خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان دەكات.“
وتیشی، مەسروور بارزانی دیداری دەبێ لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریكا و ئەندامانی باڵای كۆنگرێس، جگە لە چەندین دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بیرمەندان و وەبەرهێنەرانی ئەمریكی. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە كۆڕبەندی تایبەت بە وزە دەكات، چاوەڕوانیش دەكرێت واژۆ لەسەر ژمارەیەك لێكتێگەیشتن و رێككەوتن لە بواری وزەدا بكات لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی ئەمریكی، بە مەبەستی بەهێزكردنی تواناكانی هەرێمی كوردستان و جەختكردنەوە لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان لە نەخشەی وزەی جیهانیدا.“
ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەم سەردانە لە كاتێكی هەستیاردا دێت، كە هەرێمی كوردستان زۆر دڵگرانە لەو مامەڵەیەی حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەیكات، بەتایبەت لە بابەتی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دۆسیەی نەوت. سەركردایەتیی كوردستان حكوومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرسیار دەزانێ بەرامبەر بەو ئاڵنگارییە داراییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە، بەتایبەت بابەتی درەنگ ناردنی مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەكان.
دەشڵێت: “پابەندنەبوونی بەغدا بە رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو حكوومەت، چ ئەوانەی بنەمای پێكهێنانی حكوومەتی ئێستای عێراقن و چ ئەوانەی بنەمای بەرنامەی حكوومەتن كە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە و عێراق پاشگەزبووەتەوە لەو سازان و هاوبەشییەی كراوەتە بنەما و متمانەی نێوان هەردوولا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر عەقڵیەتی بەناوەندكردنی دەسەڵات، كە رەتی دەكاتەوە دان بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا بنێت.“
راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر ئەوەش كە ”بابەتی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەپێش هەموویانەوە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە پەیوەندیی بە ژیانی هەموو خێزانێكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی گفتوگۆكان. بەداخەوە حكوومەتی فیدڕاڵ سیاسەتی بیانووهێنانەوە و درەنگ ناردنی مووچە و شایستەكان بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان پیادە دەكات وەك كارتی فشار، سەرەڕای پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو ئەو ئەرك و رێوشوێنە دەستوورییانەی كەوتوونەتە سەری.“
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ئەو مووچەیەی ناوە ناوە عێراق بە درەنگەوە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێ، وەك منەت و خێری بەغدا بە خەڵكی كوردستانی وێنا دەكات، لەڕاستیشدا هەموو ئەوەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دەینرێ كەمترە لە 5%ی بودجەی عێراق، لە كاتێكدا بە گوێرەی دوایین سەرژمێریی عێراق، بەشی هەرێمی كوردستان نابێ كەمتر بێ لە 14%ی بودجەی فیدڕاڵی.