دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سبەی یەکەم گەشتی حاجییان بە ئاسمانی دەستپێدەکات

هەرێم نیوز
بەرەبەیانی سبەی دووشەممە یەکەم کاروانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەڕێگەیی ئاسمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون.

 نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: بەرەبەیانی سبەی دووشەممە، 19ـی ئایار یەکەم کاروانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەیی ئاسمانی، لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون.

نیاز نەقشبەندی گوتی: گەشتی یەکەم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیان بەڕێ دەکەوێت، یەکەم گەشتیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە کاتژمێر 1:00پاش نیوەڕۆ دەبێت.

بەڕێوبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییانەی سبەی دووشەممە لەڕێگەیی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی گەشتی سعوودیە دەکەن ژمارەیان 876 هاووڵاتییە، کە چوار گەشت لە خۆدەگرێت و ڕاستەوخۆ دەچنە فڕۆکەخانەی جددە و دواتر بۆ شاری مەدینە. 
بەگوێرەی ئەو خشتەی هەیە گەشتەکان بەمشێوەیەن بۆ سبەی دووشەممە.

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: 3:00ـی بەرەبەیان، 7:00ـی ئێوارە، 9:30ـی شەو.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی: 1:00ـی دوای نیوەڕۆ، یەکەم کاروان و یەک گەشتی دەبێت بۆ سعوودیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP