هەرێم نیوز
پارتی کرێکارانی کوردستان (پـ.ـەکـ.ـەکـ.ـە) لە دوای هەفتەیەک تێپەڕبوون بەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە، ڕایگەیاند، تورکیا هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی نەناوە.
ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی لەسەر زاری زاگرۆس هیوا، وتەبێژی باڵی سیاسیی پـ.ـەکـ.ـەکـ.ـە لە سلێمانی، هەڵوێستی نوێی حزبەکەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، پەکەکە داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکات، گۆشەگیرییەکانی تاکەکەسی لەسەر ئۆجەلان سووک بکات.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پـ.ـەکـ.ـەکـ.ـە متمانەی بەوە نییە لەوەی تورکیا ناوەرۆکی پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بکات، هەربۆیە ڕەتیدەکاتەوە پـ.ـەکـ.ـەکـ.ـە دوای چەکداران هێزەکانی لە خاکی باکووری کوردستان و تورکیا بکێشێتەوە.
زاگرۆس هیوا، ڕاشگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلام، سەرۆکی زیندانیکراوی پـ.ـەکـ.ـەکـ.ـە لە دانوستانەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە.
وتیشی: ئاشتی ڕاستەقینە پێویستی بە یەکگرتنەوە هەیە، نەک لێک دوورکەوتنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر تورکیا دڵسۆز و جددی بێت لە پرۆسەی ئاشتی، پێویستە هەمواری یاسایی پێویست بکات بۆ ئەوەی ئەندامانی پـ.ـەکـ.ـەکـ.ـە لەگەڵ کۆمەڵگادا یەکبگرن.
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025 ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو. لەو کۆنگرەیەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
ڕۆژی یەکشەممە، 18-05-2025، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێک هاتبوو؛ سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پـ.ـەکـ.ـەکـ.ـە کۆبووەوە، بە وتەی شاندەکە، عەبدوڵلا ئۆجەلان لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیا وتوویەتی: ''براکان شەڕ دەکەن، بەڵام هیچیان بەبێ ئەوەی دیکە هەڵناکات. پێویستمان بەوەیە، ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لەسەر مافی برایەتی ئیمزا بکەین''.