هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند،" وادەیەك بۆ دانوستانی نوێی ئێران و ئەمریكا پیشنیار كراوە، بەڵام ئێمە هێشتا قبوڵمان نەكردووە".
عێراقچی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسدا لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریكا بە پێکەنینەوە دەڵێت، " جارێ بکوژ بکوژە و دانوستان ناکرێ"
گەڕی چوارەمی دانوستانی ئەمریكاو ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران بەبێ گەیشتن بە هیچ رێككەوتنێك كۆتایی هات، چەند رۆژێك لەمەوبەر دۆناڵد ترەمی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند" وادەی ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران زۆر نزیكەو ئەمریكا پێشنیارێكی بە تاران داوە، دەبێت ئێرانییەكان بەخێرایی بجوڵێن ئەگەرنا شتێكی خراپ رووئەدات".
دوای ئەم هەڕەشە، بەرپرسانی ئێرانی رەتیانكردەوە هیچ پێشنیارێكی نوێیان سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەكە لەلایەن ئەمریكاوە پێگەیشتبێت. جەختیان كردەوە لەسەر ئەوەی بەهیچ جۆرێك دەستبەرداری مافی خۆیان نابن بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
میدیاكانی ئێران ئەمڕۆ لەزاری كازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیانەوە بڵاویانكردەوە كە ئێران پێشنیارێكی بۆ ئەنجامدانی گەڕی پێنجەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا پێگەیشتووەو تاوتوێی پێشنیارەكە دەكات.