هەرێم نیوز
بە گوێرەی ماڵپەڕی "فرانس ئینفو"، بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و ماڵباتەکەی لە کۆمەڵگەی "شاری پایتەختەکان"ـی ڕووسیا دەژین و خاوەنی چەندین شوقەیە.
ماڵپەری "فرانس ئینفو"ـی فەرەنسی لە ڕاپۆرتێکدا، لەسەر زاری بەرپرسێکی ڕووسیا، ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمەڵگەکە تایبەتە بە کەسایەتییە دەوڵەمەند و ناودارەکان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکان. ئاماژە بەوەش کراوە، نرخی خانوو و شوقە لەو شوێنە زۆر بەرزە، بۆ نموونە شوققەیەکی 119 مەتری چوارگۆشە، بە نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت.
هەمان سەرچاوە باسی لەوەش کردووە، بنەماڵەی ئەسەد ساڵانێک لەمەوبەر، بە شێوەیەکی نهێنی، دەستیان کردووە بە گواستنەوەی سامانەکانیان بۆ ڕووسیا. لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2019، زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری کاشیان گواستووەتەوە مۆسکۆ.
ماڵپەڕەکە، لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەش کردووە ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەسەد، بەڵام تا ئێستا داواکە قبووڵ نەکراوە.