دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

پێنجەمین گەڕی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران کۆتاییهات

هەرێم نیوز

پاش سێ کاتژمێر پێنجەمین گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕۆما کۆتاییهات و وەزیری دەرەوەی عوممان کە نێوەنگیری دانوستانەکان دەکات ڕایگەیاند، گفتوگۆکان هەندێک پێشکەوتنی تێدابوو، بەڵام بەبێ ئەنجامێکی بەرچاو کۆتاییهات.

بەدربوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عوممان دەشڵێت، هیوادارین لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو پرسانەی کە ماونەتەوە ڕوون بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو ئامانجی هاوبەشی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام و ڕێزدار هەنگاو بنێین.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پاش کۆتاییهاتنی دانوستانەکان ڕایگەیاند، ئەم گەڕە یەکێک بوو لە پیشەییانەترین دانوستانی نێوانمان و تێیدا جارێکی دیکە جەختمان لە هەڵوێست و بنەماکانی خۆمان بەڕوونی کردەوە.

دەشڵێت، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی ڕێککەوتن، بەڵام ئەو کەشوهەوایەی لە دانوستانەکانی ئەمڕۆدا زاڵ بووە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو پێشنیارانەی کە عومان بۆ لابردنی ئاستەنگەکان پێشکەشی کردووە، ئەگەری گەیشتن بە پێشکەوتنی بەهێزتر کردووە.

ڕوونیشی کردەوە: دانوستانەکان زۆر ئاڵۆزترن لەوەی کە لە دوو سێ کۆبوونەوەدا بگەینە ئەنجامێکی کۆتایی. بەڵام هەر ئەوەی کە ئێستا گفتوگۆکان لەسەر ڕێگایەکی ڕێکوپێکن، خۆی نیشانەی پێشکەوتنە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP