هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایدەگەیەنێت، نزیکەی هەشت ملیۆن سووریایی لەلایەن ئاژانسە هەواڵگری و ئەمنییەکانی رژێمی ئەسەدەوە داواکراو بوون.
ئەمڕۆ شەممە، 24ی 5ی 2025، نورەدین بابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند: "ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن رژێمی پێشووەوە بە هۆکاری سیاسی داواکراوبوون، سەروو هەشت ملیۆن کەس بوو".
نورەدین بابا دەڵێت، ئەو ژمارەیە "نزیکەی یەک لەسەر سێی ژمارەی دانیشتووانی سووریا دەکات کە فایلیان هەبووە و لەلایەن ئاژانسە ئەمنی و هەواڵگیرییەکانی رژێمی پێشووەوە داواکراوبوون".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵی 2011، هاووڵاتییانی سووریا دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، دەسەڵاتی ئەو کاتی سووریا دەیان هەزار کەسی بە تۆمەتی جیاواز، لەوانە ئەندامبوون لە رێکخراوە "تیرۆرستییەکان" و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەستگیرکرد و ژمارەیەکی دیکەشیان داواکراوبوون.