هەرێم نیوز
ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەیان ئەندامی ستافی (ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی) لە کارەکانیان دوورخستەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و کەمکردنەوەی پانتایی فراوانی کاریگەرییەکانی.
پێنج سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەم گۆڕانکارییە ئەو کارمەندانە دەگرێتەوە کە لە ئۆکرانیا تا کشمیر بەرپرسیار بوون لە دۆسیە سەرەکییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بەو سەرچاوانە بڵاویکردەوە، پێدەچێت داڕشتنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەنجوومەنەکە لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکا و دەیکاتە ئۆرگانێکی بچووکتر، کە سەرنجی سەرەکی لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکانی سەرۆککۆمار بێت، نەک داڕشتنیان.
ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوابەدوای ئەو گۆڕانکاریانە دەسەڵاتی زیاتر دەگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری و دامەزراوەکانی دیکەی بەرپرس لە دیپلۆماسی و ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری.
بەم پێیە ژمارەی فەرمانبەرانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دوای ئەم گۆڕانکاریانە دەبێتە نزیکەی 50 کارمەند، ئەو کارمەندانەی لە ئەنجومەنەکە دوورخراونەتەوە دەگوازرێنەوە بۆ پۆستەکانی دیکەی ناو حکومەت.