هەرێم نیوز
نوێنەری ئەمریکا بۆ سوریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی كاتی سوریا لە ئەستانبوڵ کۆبوەتەوە و ڕایگەیاند، لە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سوریا، ئامانجی سەرەکیمان دەپارێزێت كە شکستی هەمیشەیی داعشە و بۆ ئەوەیە دەرفەتێکە بدرێت بە مەبەستی بەدیهێنانی داهاتویەکی باشتر، هەروەها دەستخۆشی لە شەرع كرد كە ڕاسپاردەکانی سەرۆک ترەمپی جێبەجێکردوە.
تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "ئەمڕۆ لە ئەستانبوڵ لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبومەوە، لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارە بوێرەکەی سەرۆک ترەمپ بەمبەستی خۆشکردنی زەمینەیەك بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سوریا".
ئاماژەی بەوەشكرد، جەختم لەوەکردەوە کە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سوریا ئامانجی سەرەکیمان دەپارێزێت كە شکستی هەمیشەیی داعشە، هەروەها بۆ ئەوەیە دەرفەتێک بۆ گەلی سوریا بڕەخسێنێت بەمەبەستی بەدیهێنانی داهاتویەکی باشتر.
نوێنەری سەرۆكی ئەمریکا، دەستخۆشی لە سەرۆکی سوریا کرد بۆ "ئەو هەنگاوانەی كە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی سەرۆک ترەمپ سەبارەت بە چەکدارانی بیانی، ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربونەوەی داعش، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا گرتویەتیەبەر".
لایخۆیەوە سەرۆکایەتی کۆماری سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، شەراع بە ئامادەبونی ئەسەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا کۆبوەتەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد شەرع سەردانی ئیستانبوڵی کرد و لەوێ لەگەڵ هاوتا تورکەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوەوە .