دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 2 هەفتە

عێراق؛ کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە دەکرێت و کۆمسیۆنیش هۆشداری دەدات

هەرێم نیوز 

لە عێراق نرخی کارتی دەنگدان گەیشتووەتە 400 هەزار دینار و وتەبێژی کۆمسیۆنیش هۆشداری دەدات لە مامەڵەکردن بە کارتەکەوە.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە زیادی کردووە و نرخی هەر کارتێکیش گەیشتووەتە 400 هەزار دینار.

لای خۆشیەوە جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، “سزای تا یەک ساڵ زیندانی بەسەر هەرکەسێکدا دەسەپێندرێت کە کارتی دەنگدان لە دەنگدەران بکڕێت”.

ئەوەشی خستەڕوو کە تەنها دەنگدەران دەتوانن بە کارتەکانیان دەنگ بدەن و هیچ کەس و قەوارەیەک ناتوانن بەکاری بهێنن ئیتر بۆچی کارتەکان دەکڕن. 

جومانە غەلای جەختیشیکردەوە، کڕینى کارتى دەنگدان هیچ سوودێکی نییە، چونکە دەنگدەر  پەنجەمۆری هەر 10 پەنجەی وەرگیراوە و دەشتوانێت سکاڵا لەسەر کڕیارەکە تۆماربکات.

هەروەها کۆتایی مانگی رابردوو، نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە گەیشتنی کاندیدە لاوازەکان بۆ پەرلەمانی داهاتوو، تا ئەنجومەنی نوێنەران لەم دۆخەی ئێستادا نەمێنێتەوە، كە جێی بەزەییە، وتیشی، هەڵبژاردنی ئەمجارە بە پارە ئیدارە دەدرێت و كێبڕكێكەش دارایی دەبێت، وڵاتێك دەناسم دەیەوێت (100) پەرلەمانتار بكڕێت. 

نووری مالیكی وتی، ئومێدم بە هاوڵاتیانە کە دەنگەکانیان بە (50) یان (100) دۆلار نەفرۆشن، هیوادارم خاوەن لیستەکان خۆیان لەم شێوازەی جەمسەرگیرییە بەدوور بگرن، چونکە بەو کارە تاکی لاواز دەهێننە ناو پێگەی سەرکردایەتیكردنی میللەتەوە، ئەمە بە شەرع قەدەغەیەو ئەو پارەیەش بە ناڕەوا بە دەستهاتووە.

مالیكی، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و، رێنمایی کردون کە هەر پەرلەمانتارێك بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن،  بە (100) ملیۆن دۆلار  (100) پەرلەمانتار بکڕن، بەم کارە ئیرادەی میللەت دەکڕن، هەموو وڵاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان دەدات چونکە گیانی پڕۆسەی سیاسییە.

جەختیشكرد لەوەی، هەڵبژاردنی داهاتوو بە پارە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، کێبڕکێەكەش دارایی دەبێت، کە بە درێژایی هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووهەرگیز شاهیدی ئەوە نەبووین پارەیەکی وەها گەورە بۆ کاندیدەکان دابین بکرێت، لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکی بێت.

بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی دووەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP