دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

ئەمریکا ئامادەیی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ڕاگەیاند و تارانیش هەڕەشە دەکات

هەرێم نیوز

ترەمپ هیوای کەمتر بووە بە گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، فەرماندەی سێنتکۆم بە ترەمپی وتووە ئامادەین بۆ هەموو هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران لە ئەگەری شکستی دانوستانەکاندا، ئێرانیش هەڕەشە دەکات و دەڵێت سەرجەم پێگەکانی ئەمریکا بە ئامانج دەگرین

مایکل کۆریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە بەکارهێنانی بژاردە سەربازییەکان لە دژی ئێران لە ئەگەری شکستی دانوستانە ئەتۆمییەکان، وتی: بژاردەی بەرفراوانی هێرشی سەربازیی خستۆتە بەردەم ترەمپ و وەزیری بەرگری ئەمریکا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ڕۆژی سێشەممە، لە وەڵامی پرسیارێکی نوێنەری مایک ڕۆجەرز، کۆماریخوازی ویلایەتی ئەلاباما و سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە میانی دانیشتنی ئەو لیژنەیە، کۆریلا پشتڕاستی کردەوە کە ئەگەر لەلایەن ترەمپەوە فەرمانی پێبدرێت، سێنتکۆم ئامادەیە بە "هێزی یەکلاکەرەوە" ڕێوشوێنی سەربازی لە دژی ئێران بگرێتەبەر.

کۆرێلا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەگەری هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت.

سەبارەت بە ئامادەیی هێزەکانی فەرماندەیی لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، فەرماندەی سێنتکۆم وتی: "ئێمە ڕۆژانە دۆخی جێگیرکردن و ئاستی مەترسییەکان هەڵدەسەنگێنین و لەسەر بنەمای ئەوە گۆڕانکاری دەکەین، هەروەها ئامێر و سیستەمی نوێ جێگیر دەکەین".

مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسیدا دەگەڕێت بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ترەمپ ئامادەیە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.

ڕۆژنامەی هائارتز هەروەها ڕۆژی سێشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییە تەلەفۆنیییەکەی نێوان ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە ناتانیاهۆ داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە کۆتایی بە دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بهێنێت.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ترەمپ لە وەڵامی ناتانیاهۆدا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت پرسی هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەبەردەم خەڵکدا وروژێنرێت و ئیسرائیل لەم کاتەدا گڵۆپی سەوز بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە وەرناگرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕایگەیاند، ئاژانسەکە ئاگاداری نیگەرانییەکانی ئیسرائیلە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە پرسێکی نوێ نییە، بەڵام هەوڵدەدەین بەشێوەیەکی دیپلۆماسی ئەم پرسە چارەسەربکەین.

گرۆسی پێشتریش بە کەناڵی I24 ی ئیسرائیلی وتووە: ئێرانییەکان پێیان وتم ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان، هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدەن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆدکاستی "پۆد فۆرس ون"ی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، متمانەی بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە کەمبوونەوەدایە.

ئێران هەڕەشە دەکات

عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، ڕایگەیاند: ئێران لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا سنووردارکردن لە بواری سەربازیدا قبوڵ ناکات و وتی: هیچ کەسێک بۆی نییە لەم بوارەدا دانوستان بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر شەڕ بەسەر ئێمەدا بسەپێندرێت، بەدڵنیاییەوە زیانی گیانی لە دیوەکەی تر زیاتر دەبێت و ئەمریکا ناچار دەبێت ناوچەکە بەجێبهێڵێت.

ئەو بەرپرسەی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئێران هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP