دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

وڵاتانى عەرەبی ترسیان لەوەیە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەرۆکیان بگرێت

هەرێم نیوز

دوای ئەوەى وادە دوو مانگییەکەى ئەمریکا بۆ ئێران کۆتایی هات، هێرشى لەناکاوى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستى پێکرد و ئێرانیش بە خێرایی وەڵامی دایەوە، هەردوولاش جەختدەکەنەوە ئەمریکا هاوکاریی تەواوى ئیسرائیلى کردووە، هەرچەندە بڕیار بوو رۆژى یەکشەممە 15ـى حوزەیران گەڕی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومان بەڕێوە بچێت بەڵام ئێران تاکلایەنە رایگەیاند هیچ مانایەک بۆ گفتوگۆ و دانوستان نەماوەتەوە. لێکەوتەکانى ئەو جەنگە لەسەر جیهان و ناوچەکەش بە تەواوەتى دەرکەوتووە، بەڵام ئەوەى راستەقینەیە ئەوەنییە کە رژێمی ئێران لەناو ببرێت، بەڵکو ئامانجەکە ئەوەیە ئێران ببێتە ئەو وڵاتەى کە ئەمریکا و رۆژئاواییەکان دەیانەوێت، ئەوەى جێگەى تێڕامانە بێهەڵوێستى وڵاتانى عەرەبییە و وەک کوردەواریی دەڵێت پێدەچێت سیاسەتى ئاگرە سوورە لەخۆم دوورە پەیڕەو دەکەن، لە هەمان کاتیشدا ترسیان لە "داشەهارە"یی هەردوو لاهەیە، ئەوە لە کاتێکدا کە ئێران هەڕەشە لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکات کە بەرژەوەندی ئیسرائیلیان تێدایە.

لە هەمان کاتیشدا بەشێک لەوڵاتانى عەرەبی، بەتایبەتى عێراق، سوریا، لوبنان و ئوردن ترسیان لەوەیە جەنگە نوێیەکەى نێوان ئیسرائیل و ئێران بیانگرێتەوەو بەرۆکیان بگرێت کە هیچ پەیوەندیی بەوانەوە نییە، هەربۆیە بە خێرایی سەرۆکایەتى لوبنان بە فەرمی حزبوڵاى وڵاتەکەى لەوە ئاگادارکردوەتەوە هیچ بەڵگەو پاساوێک لە بەردەستدا نییە لوبنان لەو جەنگەوە تێوە بگلێنرێت، ئەوە لە کاتێکدا ماوەیەکى زۆرە بە پاساوى لێدان لە ئیسرائیل لە نێو خاکی ئەو وڵاتەدایە، لە راستیشدا حزبوڵا ئەو بڕستەى لێبڕاوە بتوانێت جەنگێک هەڵبگیرسێنێت و لەبەرى بڕوات، لە سوریاش بنکەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کەوتوونەتە ئامادەکاریی تەواو بۆ هەر هێرشێک بکرێتە سەریان و بەردەوام فرۆکە بەسەر سنوورەکانى نێوان عێراق و سوریا دەسوڕێتەوە و لەنێوان سنوورەکانى وڵاتەکەى و ئیسرائیل دا هێزى زیاتر کردووە، ترسیان لەوە هەیە لە لایەکەوە هێرشیان بکرێتە سەر و بە دووریشى نازانن میلشیاکانى نزیک لە ئێران لە عێراقەوە پەنێکیان بۆ بنێنەوە، لە عێراقیش سودانى گوتوویەتى نیەتێک هەیە دەیەوێت عێراق لەو جەنگەوە بئاڵێنێت، بۆیە تەواوى هێزى خۆی خستووەتە گەڕ بۆئەوەى ئەوە ڕوونەدات، تەنانەت بۆ ئەوەى دۆخەکە ئاسایی نیشان بدات ئەم سەرلەبەیانییە سەردانى هۆڵی تاقیکردنەوەکانى کردووە، هەرچى ئوردنیشە هێزە ئاسمانییەکان و چەکە ئاسمانییەکانى مەلەکی لەسەر سنوورەکان چالاک کراون، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئاسمانى ئەو وڵاتە بەکاردێت و ئێران بەسەر دەریاى مردوودا هەم مووشەک و هەم فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى خۆکوژ رەوانە دەکات.

لە هەمان کاتدا جەنگەکە دڵەڕاوکێ و گومانى زۆری لە وڵاتانى کەنداوى عەرەبیشدا بەرپاکردووە و پێیان وایە ئەگەر درێژە بکێشێت دەپەڕێتەوە بۆ وڵاتانى ئەوانیش، شرۆڤەکارانیش باوەڕیان وایە نەک هەر سنوورە جوگرافیەکەیان بەڵکوو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى رۆژئاوا لەو وڵاتەدا ئەگەرى پەڕینەوە جەنگەکەى زیاتر کردووە، سەنەم وەکیل توێژەری ستراتیژیی لە "پەیمانگاى تشاتام هاوس"ى بەریتانى بە فرانس پرێسى گوتووە : وڵاتانى کەنداو لەبەردەم ترسێکى راستەقینەدان، دەبێت وەرەقەکانیان بە هەستیاریی و هوشیارییەوە رابکێشن، ماوەیەکى زۆریشە سوڵتان نشینى عومان دەیەوێت کێشەکە بە دانوستان چارەسەربکرێت، بەڵام سەرى نەگرت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP