هەرێم نیوز
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەک هەر لە دوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی پێشووی ساڵی ڕابردوو بەرفراوانتر و چڕتر بوو، بەڵکو پێدەچێت هەندێک لەو ستراتیژییانەی کە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا بەکارهێنران، دووبارە بووبێتەوە.
بی بی سی بڵاویکردووەتەوە: ستراتیژییەکە تەنیا سنووردارنییە لە بە ئامانجگرتنی بنکە مووشەکییەکانی ئێران و بەو هۆیەوە توانای ئێران بۆ وەڵامدانەوەی بەهێزی سەربازی کەمکردبێتەوە، بەڵکو هێرشەکانیش بۆ نەهێشتنی ئەندامانی سەرەکی سەرکردایەتی ئێران لەخۆدەگرێت.
ستراتیژی نەهێشتنی سەرکردە باڵاکانی حیزبوڵڵا دەرئەنجامی وێرانکەری بۆ گروپەکە هەبوو، توانای ئەو گروپەی بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرپەرچدانەوەی بەردەوام زۆر کەمکردەوە.
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تارانەوە بڵاوکراونەتەوە نیشان دەدەن کە باڵەخانە تایبەتەکان دەکرێنە ئامانج کە هاوشێوەی وێنەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیروت کە بووە هۆی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵای سەرکردەی حیزبوڵڵا.
هەرچەندە عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران نەکرایە ئامانج، بەڵام کوشتنی سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداران و چەند کەسێک لە زانایانی باڵای ئەتۆمی ئەو وڵاتە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئۆپەراسیۆنێکدا کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی دەتوانێت بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت، گورزێکی بێپێشینەی لە نوخبەی ئێرانی داوە.
پێدەچێت ئەمە پێویستی بە وەڵامدانەوەی توندتر بێت لەلایەن ئێرانەوە لەچاو دوو هێرشەکەی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل. بەڵام ڕەنگە توانای تاران بۆ وەڵامێکی لەو شێوەیەش قورستر بکات.
شاشانک جۆشی، سەرنووسەری بەرگری ئیکۆنۆمیست دەڵێت، بانگەشەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە خێراکردنی بەرنامەی چەکی ئێرانی "پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ورد هەیە."
ناوبراو بە ڕادیۆی بی بی سی چواری ڕاگەیاند: بۆ زۆرێک لەو ئێرانیانەی کە ئەم بەیانییە لە خەو هەڵسان، هێرشی ئیسرائیل وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری ڕژێم دەچێت نەک هێرشێکی ئامانجدار بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
دەڵێت؛ ئێمە لە قۆناغی سەرەتایی هەڵمەتێکی ئیسرائیلداین کە چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی زیانێکی زۆر بە دامەزراوەکانی ئێران بگەیەنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا وەڵامدانەوەی ئێران حەتمییە.