دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

فەتواکەى سیستانى چارەسەرێکى کاتى بۆ کێشەیەکی بەردەوام

هەرێم نیوز

دواى ئەوەى داعش لەناکاو پەلامارى ناوچەکانى موسڵ و سەڵاحەدین و ئەنباری دا، مەترسی لەسەر بەغدادیش هاتە کایەوە، بەشێک لە شرۆڤەکاران لەوکاتەدا وای بۆدەچوون ئامانجیان تێکدانى شوێنە پیرۆزەکانى شیعەکانە لە نەجەف و کەربەلا، بەغداد ترسی لێنیشت و لۆمەى سەرەکیش بەرۆکی نورى مالیکی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی حیزبی دەعوەى دەگرتەوە، بەڵام لەناکاو بە فەتوایەکی عەلى سیستانى دۆخەکە گۆڕا، فەتوایەک کە تەنها لە چەند دێڕێک و 247  وشە بوو، بەڵام بۆ مێژووى عێراقییەکان مانایەکی زۆرى دەدا، ئەمەى خوارەوە دەقى فەتواکەى سیستانییە:

"سروشتی ئەو مەترسییەی کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی عێراق و گەلەکەی دەبێتەوە، بەرگری لەم وڵاتە و گەلەکەی و شەرەفی هاووڵاتیانی بە پێویستی دەزانن و ئەم بەرگرییە -کیفائییە- بۆ هاووڵاتیان .... ئەو هاووڵاتیانەی توانای هەڵگرتنی چەک و شەڕی تیرۆریستانیان هەیە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان و گەلەکەیان و پیرۆزییەکانیان، دەبێت خۆبەخشانە بەشداری بکەن لە ریزی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزە”.

بەم چەند وشەیە سیستانى ئاگری لە دۆخەکە بەرداو لە ماوەیەکی کەمدا سەدان کەس خۆیان ناونوسکرد بۆ جیهاد کردن لە دژى داعش و شرۆڤەکارە عێراقیەکانیش دەڵێن فەتوا کیفائییەکەى هاوکێشەکانى داعش و گروپە تیرۆرستەکانى ئاوەژوو کردەوە.

کەریم علێوی سەرۆکی لیژنەى ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحی رایگەیاند فەتواکەى عەلى سیستانى گەورە مەرجەع بۆ جیهاد کردن لە دژى داعش لە رۆژى 13ـى حوزەیرانى ساڵی 2014 گۆڕنکارییەکى گەورەبوو لەو دۆخەی کە عێراقى تێکەوتبوو، بەو فەتوایە حەشدى شەعبی لەدایکبوو، حەشد توانى رۆڵی سەرەکیی بگێڕێت لە سەرکەوتن بەسەر ئەو رێکخراوەدا کە بەشێکى زۆر لە خاکی عێراق و سوریاى خستبووە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، عەبدولغەنى ئەسەدی فەرماندەى پێشووى دەزگاى دژەتیرۆری عێراقیش بە هەمان رۆژنامەى رایگەیاندووە فەتواکەى سیستانى ئاڕاستەى هەموو شتەکانى گۆڕیی و بایەخێکى گەورەى هەبوو لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا، هانى عاشوور و جەلیل لامی کە هەردووکیان چاودێری سیاسین رایانگەیاندووە فەتواکە هەموو هاوکێشە سیاسی و سەربازیی و ئەمنییەکانى ئاوەژوو کردەوە ، مەرجەعیەت لە کاتێکدا هاتە گۆڕەپانەکەوە کە عێراق لەبەردەم گەورەترین مەترسی دابوو ئەو توانى بە فەتوایەک دەربازی بکات.

بەڵام نەیارانى پرۆسەکە کە بەشێکى زۆریان سوننەکانن دەڵێن،فەتواکە بووە هۆی ماڵوێرانی بۆ ناوچە سوننە نشینەکان و پاراستنى ناوچە شیعەنشینەکان، بەڵام شرۆڤەکارانى سیاسی باوەڕیان وایە لەو فەتوایەدا چوار بنەماى سەرەکی تێدایە کە سیاسییەکان بەلاڕێیاندا بردووە و ئامانجە سەرەکییەکەى خۆیان پێ بەدیهێناوە، ئەویش چاولێکەریی چۆنیەتى دامەزراندن و ستایلى کارکردنى سوپاى پاسدارانى ئێرانى لە عێراقدا دووپات کردەوە بە هەندێک دەستکاریی بچووکەوە.

یەکێک لەبنەماکان، جیهادەکە کیفائییە، واتە لەسەر هەموو موسڵمانان فەرزە،بەڵام ئەگەر ژمارەیەکیان بەو کارە هەستن فەرزەکە لەسەر هەمووان دەکەوێت، بەڵام ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە مێرمنداڵەوە تا پیاوى بەتەمەن چوونە نێو پرۆسەى چەکدارکردنى حەشدەوە کە تا ئێستاش بەتەواویی نازانرێت ژمارەى تەواوتییان چەندە و بوونەتە نەزیفى ئابوورى عێراق، یەکێکى دیکە لە بنەماکانی تێکەڵبوونە لەگەڵ سوپا و هێزە ئەمنییەکانى عێراق و چوونە ژێر باڵی ئەوان نەک دروستکردنى -حەشد-،  بنەمایەکی دیکەى فەتواکە بریتییە لە خۆبەخشیی نەک مووچەخۆر، کە ئەمەشیان پێچەوان شکایەوە و سیاسییەکان لە ئێستادا بەکاریان دێن بۆ تەسفییەکردنى نەیارەکانیان، شرۆڤەکارانیش دەڵێن هەرچەندە حەشد چوونەتە نێو سوپا و هێزە ئەمنییەکانى عێراق، بەڵام ئەوەى راستەقینەیە ئەوەیە حەشد بە شوێنپێى سوپاى پاسدارانى ئێراندا دەڕوات و هیچى تر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP