دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

وردەکاری هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

هەرێم نیوز

ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە، چەندان سەرکردەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران، چەندان پێگەی ئەتۆمی و مووشەکی بەئامانج گیراون و ئیسرائیل دەڵێت بەردەوام دەبین و ئێرانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی کردووە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، وڵاتەکەی هێرشی "پێشوەختە"ی لە دژی ئێران ئەنجامداوە و پێشبینی دەکات ئێران بەم زووانە وەڵام بداتەوە. وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل “باری نائاسایی”ی ڕاگەیاند.

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “دوای هێرشە پێشوەختەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێشبینی دەکرێت بەم زووانە هێرشێکی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و دانیشتوانی مەدەنی ڕووبدات”.

سوپای ئیسرائیل ئەو هێرشانەی بۆ سەر ئێران پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، ئیسرائیل "هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە جگە لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە".

سوپای ئیسرائیل شەوی پێنجشەممە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا ئێکس نووسیویەتی کە چەند فڕۆکەیەکی جەنگی وڵاتەکەی “قۆناغی یەکەمی هێرشە ئاسمانیەکەیان تەواو کردووە”. هێرشەکان کە سوپای ئیسرائیل بە وتەی خۆی “چەندین دامەزراوەی سەربازی لە نێویاندا بەرنامەی ئەتۆمی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران” کردووەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە “سەرەڕای هەڵگرتنی چەکی کۆمەڵکوژ لەلایەن ئێرانەوە، وڵاتەکە مەترسی لەسەر ئیسرائیل و باقی جیهان دروست دەکات. دەڵێت حکومەتی ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە جێبەجێکردنی ئەرکی بەرگریکردن لە هاووڵاتیانی.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دایە ئێران کە خۆی لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا بەدوور بگرێت.

پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕوبیۆ ئەو کارەی ئیسرائیلی بە "یەکلایەنە" ناوبرد و وتی "ئێمە بەشدار نین لە هێرشەکانی دژی ئێران و ئەولەویەتمان پاراستنی سەلامەتی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل پێی ڕاگەیاندووین کە ئەم کارە بە پێویست دەزانێت بۆ بەرگریکردن لە خۆ."

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هێرشەکەی بۆ سەر ئێران پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: چەند ساتێک لەمەوبەر ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "هەڵسانی شێر"ی دەستپێکرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە تا چەند ڕۆژی پێویست بەردەوام دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی هەڕەشەکە.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت هێرشی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی بۆ سەر ئێران دوای ئەوەی ئەو وڵاتە زانی کە ڕژێمی ئێران "بەشێوەیەکی بەرچاو لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە" ئەنجام دراوە.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردووە کە حکومەتی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس و هێزەکانی تری بە وەکالەتی، پلانێکیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل داڕشتووە، کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ هێرشکردن لە هەموو سنوورەکانەوە، لەوانەش ئوردن و میسر.

ئیسرائیل ڕایگەیاند بەشێک لە ئامانجەکەیان هێرش بۆ سەر سەرکردە سەربازی و زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانە، جیا لە بەئامانجگرتنی پێگە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران.

هێرشەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ناوەندی تاران ئەنجامدران و لە ڕۆژهەڵاتی تاران وا دیارە "توندتر" بووە.

ڕۆژهەڵاتی تاران شوێنی چەندین سەربازگەی سەربازییە و گەڕەکەکانی وەک شارۆچکەی مەحڵاتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران لە ناوچە سەرەکییەکانن کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران تێیدا نیشتەجێن.

جیا لە تاران، چەندان ناوچەی دیکەی ئێران وەک قوم، تەورێز و ئیسفەهان و هەروەها بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ بانە، مەریوان، پیرانشار و کرماشانیش بەئامانجگیراون.

لەم هێرشانەدا حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران کوژرا.

غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا، لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژرا. هەروەها کوڕەکەشی لەو هێرشەدا کوژراوە.

هەروەها فەرەیدوون عەباسی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و مەهدی تارانچی سەرۆکی زانکۆی ئازاد کوژراون.

عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری خامنەیی بەسەختی لە هێرشەکاندا برینداربووە.

بە وتەی یائیر ئاڵتمان، پەیامنێری سەربازی ئیسرائیل بۆ کەناڵی 14، تا ئێستا زیاتر لە 240 هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کراوە.

کەناڵەکانی هەواڵ لە ئێران تەقینەوەیەکیان لە شاری نەتەنز بڵاوکردەوە.

نەتەنز، لە پارێزگای ئیسفەهان، شوێنی دامەزراوە ئەتۆمییە گەورەکانی ئێرانە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئیسرائیل وتی: هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی "چارەنووسێکی تاڵ و پڕ لە ئازار" بۆ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە ئامادە دەکەن.

وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “بە سەپاندنی شەڕ بەسەر نەتەوەی ئێران، هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە بێباکی و یەکلاکەرەوە دەخەینە ئامانج.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP