هەرێم نیوز
تاران پێنج شەپۆلی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە و بەهۆیەوە لانیکەم سێ کەس کوژراون و زیاتر لە 90 کەسیش برینداربوون.
دوای ڕۆژێک لە دەستپێکردنی هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر دوژمنە کۆنەکەی و کوژرانی فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئێران و زانایانی ئەتۆمی لە تاران و بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، ئێران و ئیسرائیل ڕۆژی شەممەش بەردەوام بوون لە هاوێشتنی مووشەک بۆ سەر یەکتری.
ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران پێشگرتنە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
میدیای حکومەتی ئێران ڕایگەیاندووە، نزیکەی 60 کەس کوژراون کە 20 کەسیان منداڵن لە هێرشێکدا بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون.
هەروەها ئەمڕۆ هەواڵی چەندین هێرشی دیکە بۆ سەر ئێران بڵاوکرایەوە و حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە زیاتر لە 150 ئامانجی پێکاوە.
لەلایەکی دیکەوە، حوسییەکانی یەمەن کە گرووپێکی وابەستەی ئێرانە، شەوی هەینی مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، بەڵام ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، لانیکەم یەکێکیان بە هەڵە بەر کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین کەوتووە و پێنج فەلەستینی برینداربوون کە سیانیان منداڵ بوون.
لە ئیسرائیلیش زەنگی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لێدرا بۆ چوونە پەناگە و دواتر شەپۆلێکی مووشەکی ئێران لە ئاسمانی ئیسرائیل دەرکەوت.
لەو هێرشانەدا لانیکەم سێ کەس کوژران. بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە ئێران نزیکەی 200 مووشەکی بالیستیکی لە چوار شەپۆلی جیاوازدا تەقاندووە.