هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی لە تاران ڕایگەیاند، ئێران نایەوێت ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ وڵاتانی دراوسێ بگوازرێتەوە، مەگەر مەرجەکان ئێران بەو ئاراستەیە پاڵ بنێن.
عێراقچی لەو دیدارەدا ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامی ئێران "لە بەرگریکردن لە خۆ و لە وەڵامدانەوەی دەستدرێژیدا بووە" و "ئەگەر دەستدرێژی بوەستێت، وەڵامەکانی ئێمەش بە هەمان شێوە دەوستن".
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەی گازی پارسی باشوور لە ئەسەلویە "دەستدرێژییەکی ڕوون و کردەوەیەکی زۆر مەترسیدارە".
ناوبراو وتی:" هێنانی ململانێکان بۆ ناوچەی کەنداوی فارس هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیە کە ئامانجی ڕاکێشانی شەڕە بۆ دەرەوەی خاکی ئێران".
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵی تێکدانی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا دەدات، کە بە وتەی خۆی دەکرا زەمینە بۆ ڕێککەوتن خۆش بکات.
بڕیار بوو ئەمڕۆ تاران لە میانەی خولی شەشەمی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا پێشنیارێک بخاتەڕوو، بەڵام ئێستا ئەو پێشنیازە هەڵوەشاوەتەوە.