هەرێم نیوز
کەناڵی 13ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی دیدارێکی لەگەڵ کەسوکاری بارمتەکان لە واشنتۆن، ڕایگەیاند ئامادەین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لە ماوەی 60 ڕۆژدا لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست.
ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: دەمانەوێت شەڕی غەززە دوای 60 ڕۆژ لە ئاگربەست بەتەواوەتی کۆتایی پێبهێنین.
دەشڵێت: حکومەتی ئیسرائیل بە جێبەجێکردنی ئاگربەستی دوو مانگە، هەوڵ دەدات ڕێگا بۆ گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان خۆش بکات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەردەوامی بوونی حەماس لە غەززە هێڵی سووری تەلئەبیبە و ڕایگەیاند: ڕێگە نادەم حەماس لە کەرتی غەززە بمێنێتەوە، ئەمە ڕوونادات، هیچ پاشەکشەیەک لەم بابەتەدا ڕوونادات.
ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: حەماس دەبێت چەکەکانی دابنێت لە بەرامبەر کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە.
لە هەمان کاتدا کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی داوای ناوچەی پاراستنی دوو کیلۆمەتری لەگەڵ غەززە دەکات.