هەرێم نیوز
ئەحمەد شەرع، سەرۆکى راگوزەری سوریا، لە وتارێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێشکەشی کرد، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە دروستکردنی ئاشوب لەناو سوریاو وتی: کردەوەکانی بووە هۆی هەڵكشانی دۆخەكە لە پارێزگای سوەیدا.
شەرع لە یەکەم لێدوانیدا، لە دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا، كە دەكەوێتە باشوری ئەو وڵاتەو كەمینەی دروزەكانی تیادا دەژی، بەهاوڵاتیانی دروزى وت: ئێمە هەر هەوڵێک رەتدەکەینەوە کە ئامانج لێی راکێشانتان بێت بۆ لایەنێکی دەرەکی یان دروستکردنی دووبەرەکی لەناو ریزەکانماندا.
سەرۆک کۆماری سوریا راشیگەیاند: كەوتینە بەردەم دوو بژاردە؛ روبەڕوی ئیسرائیل ببینەوە یان چاکسازی لە بەرەی ناوخۆدا بکەین، جەختیشكرد لەوەی، ئەوان لەو کەسانە نین کە ترسیان لە شەڕ هەبێت و تەمەنیان لە روبەڕوبونەوەی ئاڵنگاری و بەرگریکردن لە گەلەکەیان بەسەر بردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەرژەوەندی گەلی سوریایان خستە سەروی پشێوی و وێرانکاری.
شەرع ئاماژەی بەوەشكرد: ئەرکی پاراستنی ئاسایشی سوەیدایان بە گروپە ناوخۆییەکان و شێخە ئاینیەکانیان سپاردووە.