هەرێم نیوز
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان، رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٥/٧/٢٤ لە رێورەسمێکدا یەکەکانی نیشتەجێبون دابەش دەکرێت، دەشڵێت، یەکەکان بە قیستی درێژخایەن و بەبێ پێشەکی دەدرێت بە خێزانەکان و بەقیستی مانگانەو بە ماوەی 25 ساڵ پارەی یەکەکە دەداتەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٥/٧/٢٤ لە رێورەسمێکدا لەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ناوی سودمەندبوان رادەگەیەنرێت و بەفەرمی بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبون، کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەچوارچێوەی یاسای نیشتەجێبوندا بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتانی دروستکردوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبونە لەسەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکیان لە قۆناغی کۆتاییدان و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە، هاوکات بەبڕیاری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن سەرجەمیان دابەش دەکرێن بەوانەی لەئێستاشدا تەواو نەکراون، بۆ ئەوەی خێزانی سودمەندبو دڵنیا بێت لەوەی یەکەیەک کراوە بەناویەوەو هەرکات تەواوکرا تیایدا نیشتەجێ دەبێت.
ئەوەش هاتووە، لەرابردودا زیاتر لە (25)هەزار خێزان فۆرمی یەکەی نیشتەجێبونیان بەشێوەی ئۆنلاین پڕکردبوەوە، دواتر پرۆسەی وردبینی و جیاکردنەوەی ناوەکان بەخاڵبەندی و بەشێوەیەکی شەفاف لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندو بەئامادەبونی نوێنەری کرێنشینان ئەنجامدرا، یەکەکان بە قیستی درێژخایەن و بەبێ پێشەکی دەدرێت بە خێزانەکان و بەقیستی مانگانەو بە ماوەی 25 ساڵ پارەی یەکەکە دەداتەوە.