دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

بەرپرسێکی ئێران: زانیارییەکانمان ئەوە دەردەخەن کە لە جیاتی دانوستان پێویستە خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین

هەرێم نیوز

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ پرێس تیڤی، تۆڕی زمانی ئینگلیزیی سەر بە حکومەتی ئێران، ڕایگەیاند کە هەڵسەنگاندنی ئێستای تاران ئەوەیە کە ئامانجی دانوستانەکان چەکداماڵینی ئێرانە بۆ قەرەبووکردنەوەی لاوازی ئیسرائیل لە شەڕی داهاتوودا، هەروەها ئێران لەبری دانوستان، پێویستە خۆی بۆ شەڕ ئامادە بکات.

ئەو بەرپرسەی حکومەتی ئێران کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕۆژی پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە کە هەر دانوستانێک بکرێت، دەبێت لەگەڵ واقیعە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا بگونجێت و دابڕێژرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاران ئامادە نییە بچێتە گفتوگۆی نوێ لەگەڵ ئەمەریکا مەگەر چوارچێوە و کارنامەکەیان بەتەواوی جیاواز بێت لە دانوستانەکانی پێشوو.

ئەو بەرپرسە وتی: زانیارییەکانمان ئەوە دەردەخەن کە واشنتۆن بەدوای گفتوگۆیەکدایە بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ شەڕ نەک بەدیهێنانی ئاشتی، ئەگەر وابێت هیچ هۆکارێک نابینین بۆ بەفیڕۆدانی کات و پێمان باشە سەرنجمان لەسەر ئامادەکاری بۆ شەڕ بێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر خولێکی نوێی دانوستانەکان دەبێت "گەرەنتی جددی و پراکتیکی"ی هەبێت، هۆشداریدا لەوەی کە بەبێ ئەو جۆرە گەرەنتییانە، دانوستانەکان تەنها بۆ داپۆشینی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی فریودەرانەی ئەمریکا بن.

پێشتریش، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هەفتانەیەکەی ڕۆژی دووشەممە، ڕایگەیاندبوو کە “بەروار، کات و شوێنی” کۆبوونەوەی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێشتا دیاری نەکراوە.

جەختیشی لەوە کردەوە: ناچینە ناو پڕۆسەیەکی لەو شێوەیە تا دڵنیانەبینەوە لە کاریگەریی دیپلۆماسی و پرۆسەی دانوستانەکە.

بەرپرسێکی ئێران بە پرێس تیڤیی وت: تاران مەرجی تایبەتی بۆ دەستپێکردنی هەر دانوستانێکی نوێی داناوە، لەوانە گرنگیدانی جددی بە بەرنامەی ئەتۆمی ئیسرائیل و چەکی کۆمەڵکوژی ڕژێم.

بە پێی ڕاپۆرتی پرێس تیڤی، جەختی کردووەتەوە: هیچ کەسێک لە ناوچەکە قبووڵی ناکات کە پڕۆسەی داماڵینی چەک تەنیا ئێران یان وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بگرێتەوە، لە کاتێکدا ڕژێمێکی وەک ئیسرائیل کە ڕێبازێکی خوێناوی هەیە، ڕۆژانە چەکی زیاتر بەدەست دەهێنێت.

ئەو بەرپرسە هەروەها سزادانی ئیسرائیل و قەرەبووکردنەوەی ئێرانی وەک مەرجێکی دیکەی بنەڕەتی بۆ دانوستانی تاران خستووەتەڕوو و هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەگەر بە پێچەوانەوەی ئەمە بێت، هەر دانوستانێک دەتوانێت جارێکی دیکە زەمینە بۆ شەڕێکی نوێ خۆش بکات.

دەشڵێت: ئەمە دووڕیانێکە بۆ ئەمریکا، تا ئێستاش نازانین ئەوان بەنیازن چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست پێشتر بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێبکاتەوە.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، ئیدارەی ترەمپ پێی وایە ئێران تەنانەت دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێشتا ئامادەیە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگەنە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بە بێ داننان بە "مافی پیتاندنی یۆرانیۆم" مومکین نابێت.

ئەو بەرپرسە باڵایە لە کۆتاییدا بە پرێس تیڤی وتووە: پێویستە دڵنیایی وەربگرین کە ویتکۆف وەک ناوبژیوانێک لە گەیشتن بە چارەسەرێک مامەڵە دەکات، نەک ئەوەی کە ئەو ئەجێندایەکی نوێی هەیە بۆ هاندانی توندوتیژی دژی ئێران، زۆر قورسە دڵنیایی لەو جۆرە بدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەین دەرفەتێکی دیکە بدەین، بۆ گوێگرتن لە قسەکانی لایەنی ئەمریکی و هەڵسەنگاندن بۆ کردارەکانیان لەم ڕووەوە.

 

لە هەنگاوێکی دیکەشدا بۆ فشارخستنە سەر ئێران بۆئەوەی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، وڵاتانی ئەوروپی هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر ئێران تا مانگ و نیوێکی دیکە دانوستان و ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی نەکات، ئەوا سزا و گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەڕێننەوە.

لەم ئەگەرەدا گورزێکی زۆر توند بەر ئابووری ئێران دەکەوێت، لە کاتێکدا ئێستا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە ئابوورییەکی کاریگەری بەرچاوی لەسەر دروست بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP