هەرێم نیوز
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تا ئێستا 542 کاندید لە پرۆسەی هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە و پێویستە لایەنەکانیان کەسانی دیکە بخەنە شوێنیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی 8ی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی وت، ژمارەی ئەو کاندیدانەی تا ئێستا لە پرۆسەی هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە گەیشتوەتە 542 کاندید.
وتیشی، ئەو کاندیدانەی بەهۆی رێوشوێنەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە دوورخراونەتەوە ژمارەیان 235 کاندیدە، 100 کاندیدی دیکەش بەهۆی سنووردارکردنەوە دوورخرانەوە، هاوکات، ئەوانەی بەگوێرەی داواکارییەکان بۆ دانانی جێگرەوەیان دوورخراونەتەوە ژمارەیان زیاتر لە 160 کاندید بووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە ١١ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، وە دوای ئەوەی کاندید یان لایەنەکە ئاگاداردەکرێتەوە لە بڕیاری دوورخستنەوە، ماوەی سێ رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە حزب و لایەنەکە بۆ گۆڕینی کاندیدی دوورخراوە، کاندیدە دوورخراوەکەش مافی هەیە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری تانە لە بڕیارەکە بدات