هەرێم نیوز
دوای ئەو گرژی و دەمەقاڵێیەی لە دانیشتنەکانی پێشوودا لەنێوان سەرۆک و جێگرەکەیدا لەسەر کارنامەی دانیشتنەکان دروست بوو، ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکەم کۆبوونەوەی فراوانی خۆی بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025-8-21، مەحموود مشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ هەردوو جێگرەکەی، موحسین مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵڵا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە لەسەر میکانیزمێکی نوێ و هاوبەش ڕێککەوتن بۆ دیاریکردن و پەسەندکردنی کارنامەی دانیشتنەکانی داهاتوو.
بەگوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی پەرلەمان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دوو جۆر یاسا بخرێنە پێشینەی کارەکانیانەوە: یەکەم ئەو یاسایانەی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە، دووەمیش ئەو پرۆژەیاسایانەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی وڵات بەهێز دەکەن.
مەشهەدانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر "کارکردن بە گیانی یەک تیمی" و هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان کردەوە. هاوکات، سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوایان لە پەرلەمانتاران کرد پابەندی ئامادەبوون لە دانیشتنەکاندا بن بۆ ئەوەی پرۆژەیاسا کەڵەکەبووەکان بە زووترین کات پەسەند بکرێن و جەختیان کردەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەستکردنە بە "بەرپرسیارێتیی نیشتمانی".
ڕۆژی 5ـی 8ی 2025، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی زیادکردنی بڕگەی دەنگدان لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەندامانی ئەنجوومەنی خزمەت لەلایەن شیعەکانەوە، گرژی تێکەوت و دوو پەرلەمانتاری شیعە و سوننە کردیان بە شەڕی دەستەویەخە، بەهۆی شکانی نیسابی دانیشتنیش دانیشتنەکە و بڕگە پەسەندکراوەکانی "هەڵوەشێنرایەوە".