هەرێم نیوز
بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، تانەیەکی راکان جبوری دژی بڕیارى دوورخستنەوەی لە بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران رەتکردەوە.
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دادگا لەسەر تانەیەکی پێشکەشکراو لەلایەن راکان سەعید جبوری، سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک کۆبووەتەوە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کردووە سەبارەت بە دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردن.
ئاشکراشیکرد، داواکارییەکەی ناوبراو بە پێی ماددەی 340 لەیاسای سزادانی عێراقی کە پەیوەندیدارە بە تاوانی گەندەڵی و کۆکردنەوەی سامان بە شێوەی نایاسایی و گەندەڵی دارایی بە تەواوەتی رەتکراوەتەوە.
بەم بڕیارەی دەستەکەش بێت راکان جبوری هیچ رێگایەکی لەبەردەمدا نەماوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕیارە لە 11 ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.