هەرێم نیوز
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ سنوری گەرمیان، رۆژی یەکشەممە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕۆژەی رێگای دوسایدی دەربەندیخان-کەلاری بەسەرکردەوە.
دەشڵێت: وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دەستخۆشی لە ستافی سەرپەرشتیاران و ئەندازیاران و کۆمپانیای جێبەجێکار کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، هەروەک داوایکرد هەرچی زوە روناکی و هێڵکاری بۆ رێگاکە بکرێت بۆ کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان.
ئاماژە بەوە کراوە: رێگای دوسایدی کەلار-دەربەندیخان، درێژییەکەی ٤١ کم و ٣٥ پردی تێدایە، یەکێکە لەپڕۆژە ستراتیژییەکان و لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕۆژەکەی گەیاندە قۆناغی کۆتایی، بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێم دادەنرێت بۆ خزمەتی هاونیشتیمانیان.
رێگاکە ئێستا بەڕوی شۆفێران و هاونیشتیمانیان کراوەیەو هاتوچۆی نێوان ئەو دو شارە لە زیاتر لەکاتژمێرێکەوە بوەتە نزیکەی ٤٠ خولەک.