دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە دوو رێگەی سەرەکیی ئیدارەی گەرمیان دادەنرێن

هەرێم نیوز 

لە هەنگاوێکدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تیژڕەویی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە دوو رێگەی سەرەکیی ئیدارەی گەرمیان دادەنرێن. وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیانیش ئاماژە بەوە دەکات، کە تاوەکو ئێستا هیچ کامێرایەکی جێگیر لەم ئیدارەیەدا نییە.

سامان عەلی داود، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، ڕاگەیاند، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار- کفری و رێگەی کەلار- گردەگۆزینە دادەنرێن. ناوبراو گوتیشی، کۆمپانیای جێبەجێکاری دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ سەرجەم ئەو شوێنانەی لە رێگەی کەلار- کفری و رێگەی کەلار- گردەگۆزینە، لە فولکەی مستەفا بەگەوە تاوەکو فولکەی گردەگۆزینە دیارییان کردووە.

لەبارەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار- دەربەندیخان کە ماوەیەکی کەمە کارکردن تێیدا تەواو بووە، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، کە کۆمپانیای جێبەجێکار چاوەڕوانی تەواوبوونی پڕۆژەی رێگەکە بووە و لەو رێگەیەش کامێرای چاودێریی تیژڕەوی جێگیر دەکرێت.

کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە رێگەکانی سلێمانی- دوکان، سلێمانی- چەمچەماڵ و سلێمانی - وارماوا دانراون. ئەم کامێرایانە بە جۆرێک کار دەکەن، کە شۆفێر پێویستە لەسەرجەم رێگەکە پابەندی خێرایی دیاریکراو بێت، نەک تەنیا لە نزیک کامێراکان. ئەم سیستەمە مەودایەکی زیاتر لە رێگەکە دەگرێتەوە و تیژڕەوی لە نێوان دوو خاڵی دیاریکراودا دەپشکنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP