دواین هەواڵ

عێراق‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

سودانی: پێكەوە هەڵوێستێكی یەكگرتوی ئیسلامی و عەرەبی رابگەیەنین بۆ ئیدانەكردنی دەستدرێژییەكەی سەر قەتەر

هەرێم نیوز 

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لوتكەی عەرەبی- ئیسلامی لە دەوحە، جەخت دەكاتەوە كە بەردەوامی سیاسەتەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكە بەبێ راگرتنی، دەبێتە مایەی ناسەقامگیری زیاتر و دەشڵێت، ئاسایشی هەر وڵاتێكی عەرەبی یان ئیسلامی بەشێكی جیانەكراوەیە لە ئاسایشی هەمو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی.

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لوتكەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستی بە كارەكانی كردو تێیدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وتەیەكی پێشكەشكرد.

سودانی وتی، هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر پەیامێكی نەرێنییە كە بەئەنقەست دەرفەتەكانی چارەسەریی ئاشتی دەكوژێت.

ئاماژەی بەوەشدا، پابەندیمان بۆ روبەڕوبونەوەی پێشهاتەكانی ناوچەكە دوپاتدەكەینەوە.

وتیشی، ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و ئەوەشی لە غەززەو كەناری خۆرائاوا رودەدات، چیدی تەنیا پێشێلكردن نییە بەڵكو دەستدرێژییەكی بۆ خولقاندنی مەینەتی بێ پێشینە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوامی سیاستەكانی ئیسرائیل بەبێ راگرتنی، دەبێتە مایەی ناسەقامگیری زیاتر و هیچ ئاسایشێك بۆ هیچ لایەنێك ناهێنێتەدی.

ئەوەشی خستەڕو، جەخت دەكەینەوە كە ئاسایش و سەقامگیری هەر دەوڵەتێكی ئیسلامی یان عەرەبی بەشێكی جیانەكراوەیە لە ئاسایشی بەكۆمەڵی هەمومان.

هەروەها وتیشی، پێشنیار دەكەم پێكەوە هەڵوێستێكی یەكگرتوی ئیسلامی و عەرەبی رابگەیەنین بۆ ئیدانەكردنی دەستدرێژییەكەی سەر قەتەر.

سودانی پێشنیاریشی كرد، مامەڵە لەگەڵ هەر هێرشێك بۆ سەر هەر وڵاتێكی عەرەبی و ئیسلامی وەك هەڕەشە بۆ سەر هەمو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

هەروەك پێشنیاری دانانی نەخشە رێگایەكی گشتگیری بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە كرد.

سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشنیاری دروستكردنی لیژنەیەكی عەرەبی- ئیسلامی هاوبەشیشی كرد بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بگەیەنێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لایەنە نێودەوڵەتییەكان.

هەروەها وتیشی، ئێمە لەبەردەم دەرفەتێكی راستەقینەداین بۆ ئەوەی نامەیەكی رون بگەیەنین و جەخت بكەینەوە كە ئاسایشی وڵاتەكانمان جێی سازش نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP