هەرێم نیوز
بڕیارە ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوەی گرنگ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی دەوڵەت تایبەت بە یەکلاکردنەوەی مووچە و شایستە داراییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی داهاتی نا نەوتی بکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی لە قەتەر لەگەڵ وەزیرە کوردەکان کۆبووەتەوە. باس لە پرسی مووچە، داهاتی نانەوتیی هەرێم و ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کراوە. پێشتر سەرچاوەیەک لە شاندی دانوستانکاری هەرێم ئاماژەی بەوە دابوو، کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، لە شەش مووچەی کۆتایی ساڵ، تەنیا سێ مووچە دابەش دەکرێت و چارەنووسی سێ مووچەکەی دیکە نادیار دەبێت.
هاوکات،ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 09:00 بەیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکرێت، کە دوو ڕاوێژکاری هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکانی دارایی و داد بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن، کە تێیدا لەگەڵ 23 ڕاوێژکاری و دادوەر تاوتوێ ڕەشنووسەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکەن، دواتر ڕاوێژی یاسایی خۆیان دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیران.
هەر ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتژمێر یەک دەکرێت و تێیدا باس لە پرسی داهاتی نا نەوتی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوول دەکرێت؛ هەرچەندە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەشدا نییە، بەڵام لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەو پرسانە دەخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکە.
ئەنجومەنەکە داوای ئامادەبوونی دوو ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتەکانی داد و دارایی هەرێمی کوردستان کردووە.
عوسمان تەها، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ڕایگەیاند، بانگهێشتكردنی دوو ڕاوێژكار وەك نوێنەری هەرێم بۆ كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی دەوڵەت شەرعییەت دانە بە بڕیارەكانی ئەنجومەنەكە و هاوسەنگیی لەنێوان هەردوولادا دروست دەكات.
وتیشی: بۆ ئەوەی هەردوولایەنی ناكۆک بە ئەنجامی بڕیارەكەی ئەنجومەنی دەوڵەت ڕازی بن، پێویستە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەنێوان دامەزراوەكانی هەرێم و بەغدا هاوسەنگ بن و بە زۆرینە و كەمینە تێنەپەڕێنرێت.
ئەگەر ئەنجومەنی دەوڵەت پێش كۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نەیتوانی ڕاپۆرتی خۆی پێشكەش بكات، ئەوا ڕۆژی چوارشەممە جارێكی دیكە كۆدەبێتەوە.