هەرێم نیوز
سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان ڕایانگەیاند کە ڕاپۆرتێکی ئەمنی سەبارەت بە هۆشداریی جیددی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گەیاندراوەتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاند، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕاپۆرتێکی وردیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی کردووە، کە هۆشداریی جددی تێدایە سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی عێراق ببێتە ئامانجی داهاتووی هێرشی ئیسرائیل.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەلمەنار، بەپێی ئەو زانیارییانەی خراوەتەڕوو، خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی هەواڵگری عێراقی ئاماژە بەوە دەکەن کە تەلئەبیب بیر لە کردنەوەی بەرەیەکی نوێ دەکاتەوە لە ناوچەکەدا، عێراقیش یەکێکە لە بژاردە هەرە دیارەکان بۆ ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە ناوچەییەکانی ئەم دواییە.
لە ڕاپۆرتی ئەمنیدا هاتووە کە ئیسرائیل باوەڕی وایە کە عێراق ناوەندێکی دیاری چالاکیی ئێرانە و بەغدا بە پێی ئەم زانیاریانە قووڵایییەکی ستراتیژییە بۆ حیزبوڵڵا لە لوبنان و ڕەنگە عێراق بکرێتە ئامانجێک لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناوچەیی لە داهاتوودا.
هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییانە، حکومەتی عێراق دەستپێکردنی ڕێوشوێنە ئۆپەراسیۆنییەکانی بۆ دروستکردنی سیستمێکی نوێی بەرگری ئاسمانی ڕاگەیاند، ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر ئاسمانی وڵاتەکەی و پاراستنی خاکەکەی لە هەڕەشە دەرەکییەکان.