هەرێم نیوز
لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لەبارەی چاوپێکەوتنێکی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە یەکێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک قەیران لەئارادا نییە و تەنیا باسی کەمبوونەوەی پشکی هەرێم لە سووتەمەنی بۆ ناوخۆ کراوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمدا دەکەن و دەڵێت: هەرێم بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە نەبووەتەوە و نابێتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە هەندێک کەناڵ و پەیجی سۆشیال میدیا، بە شێوەیەکی ناپیشەیی و بە مەبەستی چەواشەکردنی بیروڕای گشتی، بابەتێکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان کراوە.
وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە ئەو کەناڵ و پەیجانە، دیدارێکی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت) لە کەناڵێکی ڕاگەیاندن گواستوویانەتەوە و لە مانشێتی بابەتەکەیاندا باسیان لە "قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان" کردووە.
دەشڵێت: وەزیری سامانە سروشتییەکان تەنیا باسی کەمبوونەوەی پشکی هەرێمی کردووە بۆ ناوخۆ. وەزارەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی بڕێکی زیاتر لە بەنزین و جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی. بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی قەیرانی سووتەمەنی نەکراوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی نەبووەتەوە و نابێتەوە.