دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاگربەست لە نێوان ئەفغانستان و پاکستان ڕاگەیەندرا

هەرێم نیوز

لە سەروبەندی دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان، جارێکی دیکە دەوحە وەکو چەقی کۆبوونەوەی لایەنە ناکۆکەکان لە ناوچەکە و جیهان دەردەکەوێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند پاکستان و تالیبان، پاش گەڕی یەکەمی دانوستانەکانیان لە دەوحە، لەسەر ئاگربەست ڕێک کەوتن و بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا دانوستانەکان درێژەیان هەبێت بۆ ئەوەی لە بەردەوامبوونی ئاگربەست و جێبەجێکردنی هەموو بڕگەکانی ڕێککەوتننامەکە دڵنیا بنەوە.

هاوکاتیش خواجە ئاسەف، وەزیری بەرگریی پاکستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕێککەوتنی دوو وڵات لەسەر ئاگربەستی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند "دوو دراوسێ ڕێز لە سەروەریی یەکتر دەگرن و زنجیرەی تیرۆر لە ئەفغانستانەوە بۆ پاکستان بە خێرایی ڕادەوەستێت".

پاکستان حکوومەتی تالیبان لە ئەفغانستان بە لەخۆگرتن و پشتیوانی لە تالیبانی پاکستانی تۆمەتبار دەکات کە لە لایەن ئیسلام ئابادەوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەناسرێن. بەڵام حکوومەتی تالیبان لە ئەفغانستان ئەم تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی تالیبان و سوپای پاکستان لە ڕۆژی شەممەی حەفتەی ڕابردوو دەستی پێ کرد و لە ماوەی حەفتەیەکدا دەیان کەس لە هەردوو لا کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا قەتەر هەوڵەکانی نێوەندگیری لە چەندین قەیراندا چڕتر کردووەتەوە، لەم ڕووەوە چەندین سەرکەوتنی کاریگەری بەدەستهێناوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP