هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، هۆشداری توندی دایە ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) و داوای لێکرد کە لە قسەکانی ورد بێتەوە و "لێدوانە بێبنەماکان" لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە بوەستێنێت.
بەقایی لێدوانەکانی دوێنێی گرۆسی لەبارەی "چاودێریکردنی جووڵەی نوێ لە دەوری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران" بە "لێدوانەی بێبنەما و ناڕاست" ناوبرد.
 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە گروسی لە "سروشتی ئاشتیانەی" کارەکانی ئێران بە تەواوی ئاگادارە.
بەقایی جارێکی دیکە گروسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لێدوانەکانی پێشووی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە "ڕێگەی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر سایتە ئەتۆمییەکانی ئێران لە مانگی حوزەیران خۆشکرد."
لە بارودۆخی ئێستادا، بەرپرسانی ئێران، لەوانەش بەقایی، ڕایانگەیاندووە کە "بناغەی هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی تەنیا یاسای پەسەندکراوی پەرلەمانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی."
گرۆسی ڕایگەیاندووە کە نیشانەکانی "جووڵە" لە دەوری شوێنی پاراستنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکانی ئێران بینراون، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە ئێران پیتاندن دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس هۆشداریدا کە یەدەگی ئێستای یۆرانیۆمی پیتێندراو بە تێکەڵیی ٦٠% لە ئێران، دەتوانێت ڕێگە بە دروستکردنی تاکو ١٠ بۆمبی ئەتۆمی بدات، ئەگەر تاران بڕیاری بدات پرۆگرامەکەی سەربازی بکات.
گرۆسی باسی لەوە کرد کە بەهۆی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی پشکنەران، ئاژانسەکە ناچارە بۆ هەڵسەنگاندنەکان پشت بە وێنە سەتەلایتییەکان ببەستێت، کە توانای سنوورداریان لە پیشاندانی وردەکارییەکاندا هەیە.
سەرچاوە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی گرژییەکان لە نێوان تاران و ئاژانسدا، دەتوانێت جارێکی دیکە ببێتە هۆکارێک بۆ دەستپێکردنەوەی کردەوەی سەربازیی ئیسرائیل یان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژ بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
دۆناڵد ترامپ دووپاتی کردووەتەوە کە ئەگەر پێویست بکات، هێرشی سەربازی ئەنجام دەدەنەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیلیش باسیان لەوە کردووە لە "ئامادەباشیی تەواودان" بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئێران پرۆگرامی ئەتۆمیی خۆی نوێ بکاتەوە.