دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

گەشتیی ئاسمانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

هەرێم نیوز

دوای زیاتر لە دوو ساڵ سەپاندنی قەدەغەی گەشت لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ تورکیا، بەرەبەیانی سبەی دووشەممە یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی (تورکیش ئێرلاین) لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەنیشتێتەوە.

بڕیارە کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی سبەینێ دووشەممە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ڕاگرتنی، یەکەم فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵەوە بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی و کاتژمێر 3ی بەرەبەیانیش هەمان فڕۆکە، لە فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بگەڕێتەوە تورکیا.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە، هەفتانە، ڕۆژانی شەممە، دووشەممە، سێشەممە و هەینی، گەشتی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا لە ڕێگەی هێڵی فڕۆکەوانی تورکش ئێرلاین بەڕێوە بچێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا، کاریگەریی کردبووە سەر گەشتی هاووڵاتییان، بە تایبەتی بازرگانانی شاری سلێمانی.
قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، لە 3ی نیسانی 2023 بە بڕیاری فەرمیی حکوومەتی تورکیا دەستی پێکرد.

دواجار پێنجشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2025، لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، گفتوگۆ لەبارەی گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کراوە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەردۆغان بڕیاری دا گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP