هەرێم نیوز
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هێڵی ئاسمانی ئەی جێت گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستپێدەکات، ئهوهش دوای ئهوهی بهرهبهیانی 3ی ئهم مانگه، یهكهمین فڕۆكه له توركیاوه گهیشته سلێمانی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند: بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن "هێڵی ئاسمانی ئەی جێت"ەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نێردراوە، وا بڕیارە لە لە 3ـی کانوونی یەکەمەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان لە نێوان (ئەستەنبول-سلێمانی-ئەستەنبول) هەفتانە بە 4 گەشت دەست پێ بکەن.
ڕۆژی یەکشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2025، دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا، شەوی ڕابردوو گەشتە ئاسمانییەکان دەستی پێ کردەوە.
مانگی ڕابردوو لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕەجەب تەیب ئەردوغان بڕیاری دا گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت و دووبارە گەشتە ئاسمانییەکان لە سلێمانییەوە بەرەو تورکیا و ئەوروپا و بە پێچەوانەوە دەست پێ بکاتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە ئەردوغان کرد، گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگیرێن و ڕەزامەندیی ئەردوغانی بۆ ئەم مەبەستە وەرگرت.
دانا محەممەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانییش پشتڕاستی کردبووەوە لە پاش گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردوغان، بڕیار لەسەر لابردنی گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دراوە.