هەرێم نیوز
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە 500 پێشلێكاری لەلایەن حزب و هاوپەیمانیەكانەوە تۆماركراوە، كە سزای پێبژاردنیان بەسەردا سەپێندراوە، دەشڵێت، "هەمو لایەنەکان و هاوپەیمانییەکان و تاکە کاندیدەکان پابەندن بە پێشکەشکردنی بەیاننامە داراییەکانیان بۆ کۆمسیۆن".
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندن لە کۆمسیۆن ئەمڕۆ چوارشەممە بە ڕۆژنامەی "الصباح"ی فەرمی عێراقی ڕایگەیاندە، بەشی حزبەکان لە کۆمسیۆن بەشێکی تایبەت لەخۆدەگرێت بۆ چاودێریکردنی پارە و جوڵەی دارایی حزبەکان، لەوانەش داهات و خەرجییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەگوێرەی یاسای بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، هەمو لایەنێک و هاوپەیمانییەک یان تاک کاندیدێک دەبێت ڕاپۆرتێکی ورد پێشکەش بە کۆمسیۆن بکات، كە چۆنیەتی خەرجکردنی پارەی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرچاوەکانی و چۆنیەتی خەرجکردنی لەخۆبگرێت، ئەم ڕاپۆرتە دەبێت چۆنیەتی خەرجکردنی پارەی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرچاوەکانی و چۆنیەتی خەرجکردنی لەخۆبگرێت، دواتر پێویستە دوای 30 ڕۆژ ڕاپۆرتی کۆتایی پێشکەش بکات".
جەمیل ڕونیکردەوە، "کۆمسیۆن چاودێریکردنی خۆی لەسەر ئەو پارانە چڕدەکاتەوە کە بۆ چالاکییەكانی بانگەشە وەک وێنە، پۆستەر، ڕیکلام و خەرجییە نەختینەکانی پەیوەست بە چاودێران و هەڵمەتەکانی ڕیکلام خەرج دەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆربەکارهێنانی وێنە و پۆستەر دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر جەماوەری هەندێک کاندید لەنێو هاوڵاتیاندا هەبێت".
سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆن ئاشکرای دەکات، "کۆمسیۆن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا سزای پێبژاردنی بەسەر 60 حزب و هاوپەیمانیدا سەپاندوە، دواتر سزاكان گەیشتوەتە نزیکەی 500 غەرامە".
بڕیاره ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق، رۆژی 11ی (تشرینی دوهم/11)ی 2025 بهڕێوهبچێت كە تێدا 31 هاوپەیمانی، 38 حزب و 79 تاكەكەس بەشداری هەڵبژاردنی داهاتو دەكەن و زیاتر لە حەوت هەزار كاندید كێبڕكێ دەكەن، ئەوە جگە لەوەی كۆمسیۆن ژمارەیەكیانی بەهۆكاری جیاجیا دورخستەوە.