هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەداخەوە بەغدا ناردنی پارەکەی راگرتووە، دەشڵێت، "لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵ دەبین تاوەکو مووچە دابین بکەین".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی 11ی 2025، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "کێشەی مووچە بە سیاسی کراوە، بەڵام لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵ دەبین تاوەکو مووچە دابین بکەین."
وتیشی،" ئەمە چەندین جارە و هەمیشەش وتوومانە، حکوومەتی هەرێم هەموو ئیلتیزاماتی خۆی جێبەجێ کردووە؛ هەرچی پێویست بووبێت، بە زیادەشەوە کردوومانە."
مەسرور بارزانی وتی، "چاوەڕاون بووین حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارانە ڕەفتار بکات".
لەکاتێکدا لە مانگی 11 داین، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ تەنیا 8 مووچەیان وەرگرتووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر ئەوە بوون باسی مووچەی مانگی 9ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی نەکرد و کۆبوونەوەکە بەبێ بڕیاردان لەسەر مووچەی مانگی 9 کۆتایی هات.