هەرێم نیوز
قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، شەش پاڵاوگەی نایاساییان داخستووە و 12 کەسیان دەستگیرکردووە. وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیاری داخستنی هەموو پاڵاوگەیەکی نایاسایی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا لە هەولێر 85 پاڵاوگە و لە دهۆکیش "چەند" پاڵاوگەیەک داخراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە قایمقامییەتی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: "به سهرپهرشتیی فازڵ عومهر، قایمقامی سلێمانی به وهكالهت، ئهو پاڵاوگانه بهسهركرانهوه كه بهشێوهیهكی نایاسایی كاردهكهن".
لە هەڵمەتەکەدا قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت بڕیاری داخستنی شەش پاڵاوگەی دەرکردووە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "بڕیاردراوە هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن و خاوهنهكانیان رووبهڕووی رێكاری یاسایی بكرێنەوە و بەپێی یاسای پاراستنی ژینگهی ههرێمی كوردستان مامهڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
پاڵاوگەکان لە سنووری ناوچەی زڕگوێز لە سلێمانی داخراون. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "بهتۆمهتی پیسكردنی ژینگه 12 تۆمهتبار دهستگیركراون".
د. سەنعان عەبدوڵڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بڕیار هەیە بۆ داخستنی هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان، لەو چوارچێوەیەدا لە 139 پاڵاوگەی سنووری هەولێر 85یان داخراون".
وتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژەی بەو پاڵاوگانەی هەولێر کرد کە لە کاردان و وتی: "ئەگەر خۆیان لەگەڵ یاساکانی ژینگە و سامانە سرووشتییەکان نەگونجێنن، دەبێت لایەنی جێبەجێکار هەموویان دابخات".
لە بارەی دهۆکیشەوە د. سەنعان عەبدوڵڵا وتی: "13 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون و بە بڕیاری حکومەت داخران، بەڵام بەگوێرەی زانیاری ئێمە ژمارەیەکیان دەستیان بە کار کردووەتەوە و گازوایلێک بەرهەم دەهێنن کە زیانی زۆری بۆ ژینگە هەیە".
بەگوێرەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سنووری هەڵەبجەدا نییە.