دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کەمال محەمەد: رۆژانە 200 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێم هەناردە دەکرێت

هەرێم نیوز 

كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا و  سامانە سروشتییەكان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، بەپێی ئەو رێكەوتنەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فيدراڵی عێراق لە (27)ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ كراوە، ڕۆژانە 200- 210 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە  هەناردە دەکرێت.

وتیشی، 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی تەرخان دەکرێت.

کەمال محەمەد وتی، رێكەوتنەکە تەنیا بۆ سێ مانگ نییە، چوونکە یاسای بوودجە سێ ساڵ بووە تا كۆتایی ئەمساڵ ئاماژەی پێ دراوە. ئەگەر یاسای بوودجە بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە نەكرا،  بەپێی مانگی 12 مامەڵە دەكرێت، واتە تا یاسای بودجە بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە دەكرێت، پرۆسەکە وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا رۆژی (19)ی تشرینی دووەمی  2025 بڕی 10 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە كراوە.

وەزیری کارەبا و سامانەسروشتییەکان باسی لەوەش کرد، لە بەندەری جەیهان چەند كۆگایەكی دیاریكراو هەیە و هەندێ جار ئەم كۆگایانە پڕ دەبن و ئاگادارمان دەكەنەوە كە بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنی كەم بكەینەوە و رۆژانی دیكە قەرەبوومان كردووەتەوە.
   
لەبارەی پرۆژەی ڕووناكیش وتی،  تا ئێستا 4 ملیۆن و 500 هەزار هاوبەشی کارەبا پرۆژەی ڕووناكی هەیە كە دەکاتە (72%)ی سەرجەم هاوبەشانی كارەبا و دوای مانگی (3)ی ساڵی داهاتوو دەست بە دابینکردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکرێت کە تا ئێستا  پێ نەگەیشتووە و تا كۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبنە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP