هەرێم نیوز
دوای ئەوەی حزبی دەعوە بە فەرمی مالیکی کاندید کرد، لەبەرامبەردا هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، "سودانی کاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق".
قوسەی مەحبوبە، ئەندامی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، كە لەلایەن سودانییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ئەمڕۆ شەممە دووپاتی کردەوە، کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانییەكەیان کاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
مەحبوبە لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” ڕایگەیاندووە، “ماوەی دوو مانگە دەڵێم نوری مالکی کاندیدی پارتی دەعوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بۆ سەرۆک وەزیران”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێمان وایە ئەم بابەتە گرنگە، داواش لە بلۆکەکانی دیکە دەکەین لە چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدەکانیان بخەنەڕوو، بەتایبەتی ئەوانەی 25 کورسی یان زیاتریان هەیە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، “لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، 46 کورسی پەرلەمان و یەک ملیۆن و 300 هەزار دەنگمان هەیە، کاندیدی ئێمەش (بۆ سەرۆک وەزیران) محەمەد شیاع سودانییە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ حزبی دەعوەی ئیسلامی ڕایگەیاند، كاندیدی ئەوان بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بریتییە لە نوری مالكی.
هەر ئەمڕۆ مالكی، بە نوێنەرایەتی حزبە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی كرد بە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بارزانی كۆبووەوە.