هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکیی دەستی بە لێکۆڵینەوە دیارنەمانی دوو ترلیۆن دینار و نیوەکە کرد و رایدەگەیەنێت، ڕێکاری پێویست دەگرنە بەر.
دەستەکە دووپاتی کردەوە، تیمەکانیان دەستیان کردووە بە بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەبارەت بە ڕاکێشانی دوو ترلیۆن و نیو دینار لە سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتی بڵاوکراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمە پێکهێنراوەکان دەستیان بە ڕێکار و ئەرکەکانی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە کردووە، بەمەبەستی دەستکەوتنی وردەکاریی زانیارییەکان، وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاند: تەواوی پارەی سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی کە بڕەکەی دوو ترلیۆن و 500 ملیار دیناربووە و لە وەبەرهێنان و پشکی سندوقەکە لە قازانجی کۆمپانیاکانەوە کۆکراوەتەوە دیار نەماوە، کە لەنێوان وەزارەتی کار و دارایی مامەڵەی پێوەکراوە.