هەرێم نیوز
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) ئاشكرایدەكات، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە تەواوی سەرپشكراوە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی ناونانی کاندیدەكانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەو پشتیوانیکردن لە کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بڵاویكردووەتەوە، ئەو کاندیدەی کە مالیکی پشتیوانی دەکات، ئێستا لە پێشەنگی ئەو ناوانەیە كە کێبڕکێی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەكەن و پابەندیش دەبێت بە جێبەجێکردنی ئەو پێشمەرجانەی کە گەورەترین كوتلەی پەرلەمان لەسەری رێککەوتوون.
حزبی دەعوەی ئیسلامی دوێنێ بە کۆی دەنگ بڕیاریدا نوری مالیکی، ئەمینداری گشتی حزبەكە كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام سەرچاوەکان جەختدەكەنەوە ئەم کاندیدکردنە تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەیەتی لە دانوستانەکانداو بەهێزکردنی چانسی کاندیدەکەیەتى، تا دواتر وای نیشان بدات سازش لەسەر کاندیدبونەكەی دەكات لە بەرژەوەندی كەسێكی پەسەندکراوتر كە لەبنەمادا كاندیدی خۆیەتی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کاندیدەکەی مالیکی رەنگە لە دەرەوەی حزبەكەی بێت و کۆدەنگییەکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە، دوای دانوستانێكی چڕی نێوان لایەنە شیعەکان کە کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوەو رۆڵی هەر لایەنێکی لەناو حکومەتی داهاتوودا دیاریکردووە.
سەرچاوەكان جەخت لەوەش دەكەنەوە، کاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران لای هێزه سوننی و کوردییه کان قبوڵکراوه، واشنتۆن و تارانیش هەستیاریان نییە بەرامبەری، ئەوەش وادەكات ببێته بژاردەیەکی پەسەندكراو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەكی.