هەرێم نیوز
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی کۆمیسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا لە ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکات.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەرییدا، ئەمڕۆ دووشەممە، شاندەکەی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا دەچنە دورگەی ئیمراڵی بۆ کۆبوونەوە و سازدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی خراونەتەڕوو، ئەندامانی شاندەکە پێکدێن لە گوڵستان کڵیچ کۆچیگت ئەندامی فراکسیۆنی دەمپارتی و فەتی یەڵدز لە مەهەپە و حسێن یامان لە ئاکاپە.
لای خۆشییەوە ڕۆژنامەی تورکیا ئاماژەی بەوەکردوە، کە شاندەکە لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە دەچنە ئیمراڵی.
بڕیارە لەو دیدارەدا، شاندەکە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن، کۆنووسی کۆبوونەوەکەیان تاوەکوو 10 ساڵی دیکە بە نهێنی دەهێڵرێتەوە و ئاشکرا ناکرێت.
بڕیارە، لەم دیدارەدا ئۆجالان لەبارەی پرسی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان و هاوپەیمانی كوردو تورك و هەمواری یاساكان لە توركیا قسە بكات.
رۆژی 21ی ئەم مانگە، كۆمسیۆنی تایبەت بە چارەسەری پرسی كورد لە پەرلەمانی توركیا، بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا سەردانی ئۆجالان بكات، پارتەكانی (ئاكەپە)، (مەهەپە)، (دەم پارتی)، (EMEP)و (TIP) بە (بەڵێ) دەنگیاندا، بەڵام پارتی گەلی كۆماری ناكۆكییەكانی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان تێكەڵ بە چارەسەری پرسی كورد كردو بڕیاریدا ئەندامەكانی خۆری لەناو كۆمسیۆنەكە نەنێرێت بۆ ئیمرالی، ئەمەش ناڕەزایەتی كوردی دژ بەو پارتە لێكەوتووەتەوە.