هەرێم نیوز
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر جێگای قبوڵ نییە و بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین. ئامانجی هێرشەکە زیانگەیاندنە بە گوزەرانی هاونیشتمانیانمان لە هەرێمی کوردستان و عیراق و تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکەمان
وتیشی، وەڵامدانەوەمان بۆ ئەم هێرشە یەکلاکەرەوە و تووند دەبێت و هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانمان دەگرینەبەر
ناوبراو جەختیشیکردەوە، چەک تەنها دەبێت بەدەست دەوڵەتەوە بێت. ئەو میلیشیایانە کە لە دەرەوەی سەروەری یاسا کاردەکەن یان دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە یان لەناوببرێن.
شەوی چوارشەممە هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەک کەوتەوە. بەڵام بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی و شایەتحاڵانی نێو کێڵگەکە کە بۆ رووداو قسەیان کرد، زیانی گیانی نەبووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-11-2025، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە رایگەیاند، "ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر، کە تێوەگلاون لەم کردەوە ناڕەوا و ترسنۆکانەیەدا".
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رایگەیاند: "هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە".
هێرشی سەر کێڵگەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ هەزار مێگاوات. بەوهۆیەوە پێدانی کارەبای 24 کاژێری بۆ 5 کاژێر کەمبووەوە.