هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ بارودۆخی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و ئەگەری بارینی کەمێک نمە باران هەیە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بە تایبەت پارێزگای هەلەبجە و هەندێک ناوچەی پارێزگای سلێمانی.
هەروەها ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاویە سنووریەکاندا هەیە و لە کاتەکانی شەودا کاریگەری دابارینەکە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک.
پلەکانی گەرما لە چاو تۆمارکراوەکانی دوێنێ کەمێک نزمتر دەبن و مەودای بینین لە نێوان 7 بۆ 9 کیلۆمەتر دەبێت.
بۆ سبەی شەممە پێشبینی دەکرێت بە گشتی ئاسمان هەوری باراناوی بێت و نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان ببارێت. لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت و لە ناوچە نیمچە بەرزەکانیش ئەگەری تێکەڵی باران و کڕێوە هەیە، کە کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ ڕۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.
پلەکانی گەرما بۆ سبەی بە نزیکی 2 تا 4 پلە نزمتر دەبن بەراورد بە پلەکانی ئەمڕۆ و مەودای بینین کەم دەبێتەوە بۆ 6 تا 8 کیلۆمەتر.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیەیە:
هەولێر 12 پلە، سلێمانی 8 پلە، دهۆک 9 پلە، زاخۆ 9 پلە، کەرکوک 12 پلە، هەڵەبجە 7 پلە، سۆران 6 پلە و لە گەرمیان 13 پلەی سیلیزی دەبێت.