هەرێم نیوز
پەرلەمانی عێراق بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردەوە و شەش مەرجی سەرەکی بۆ کاندیدەکان دیاری کرد، هاوکات وادەی کۆتایی پێشکەشکردنی داواکارییەکانیشی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی 12ی 2025، پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پاڵپشت بە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کراوەتەوە و هەر کەسێک مەرجەکانی تێدایە دەتوانێت تا ڕۆژی یەکشەممە 4ی 1ی 2026 داواکاری پێشکەش بکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کاندیدی سەرۆککۆمار دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
هاووڵاتیی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی لەدایک بووبێت.
تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت و عەقڵی ساغ بێت.
خاوەنی ئەزموونی سیاسی و ناوبانگی باش بێت و بە دەستپاکی و دادپەروەری ناسرابێت.
لایەنی کەم خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەسەند کرابێت.
بە تاوانی لەکەدارکردنی شەرەف سزا نەدرابێت.
رێکارەکانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری (ریشەکێشکردنی بەعس) نەیگرێتەوە.
سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنەکەش، کاندید دەبێت لە گەڕی یەکەمدا دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو، لە گەڕی دووەمدا بە زۆرینەی سادە هەڵدەبژێردرێت.