دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەفتەی داهاتوو بنکەی عەین ئەسەد رادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێتەوە

هەرێم نیوز

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەفتەی داهاتوو بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد بە تەواوی ڕادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێتەوە و ڕاشیدەگەیەنێت، لەمساڵدا گورزی کەمەرشکێن لە داعش دراوە و والییەکەیان کوژراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی 12ی 2025، فەریق روکن قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەمساڵدا 37 ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و 93 هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر داعش و تێیدا (ئەبو خەدیجە) والیی داعش و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە کوژراون، بەمەش ڕێکخراوەکە توانای خۆڕێکخستنەوەی نەماوە.

سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان، محەمەداوی ئاماژەی بەوە دا، ئێستا هیچ ئەندامێکی هاوپەیمانان لەنێو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان نەماوە و بڕیارە هەفتەی داهاتووش "بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد" لە ئەنبار بە فەرمی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان باسی لە دۆسیەی کەمپی هۆل کرد و وتی: "ئەمساڵ 15 کاروانی خێزانە عێراقییەکان گەڕێندراونەتەوە کە 2,954 خێزان بوون، بەمەش کۆی گشتیی گەڕاوەکان لە ساڵانی 2023 بۆ 2025 گەیشتووەتە 5,623 خێزان."




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP