دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵح موسلیم: تورکیا دژی ڕێککەوتنەکەی 10ی ئازارە؛ سوورین لەسەر واژۆکردنی

هەرێم نیوز

ئەندامێکی ئەنجوومەنی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ڕایدەگەیەنێت، تورکیا بە هەموو شێوەیەک دژی ڕێککەوتنەکەی 10ی ئازارە چونکە بەشێک نەبووە لێی، جەختیش دەکاتەوە کە ئەوان سوورین لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی 1ی 2026، ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عەرەبییەکان ڕایگەیاند، هەڕەشەکانی تورکیا شتێکی نوێ نین و ئەو وڵاتە هەموو هەوڵێک دەدات سەقامگیری لە سووریا دروست نەبێت، مەگەر لە بەرژەوەندیی خۆیدا بێت.

ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوە دا، تورکەکان بە توندی دژی ڕێککەوتنی 10ی ئازارن و بە جۆرەها شێواز لە ڕێگەی فشارخستنەسەر حکوومەتی سووریاوە ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ڕێککەوتنەکە بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا کراوە و تورکیا بەشێک نییە لێی." 

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ دیمەشق، موسلیم ڕوونی کردەوە کە هۆکارەکەی "دۆخی کەشوهەوا و دۆخی دیمەشق" بووە.

لە کۆتاییدا ئەو بەرپرسەی پەیەدە جەختی کردەوە، ئەوان پێداگرن لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی لەژێر سەرپەرشتیی ئەمەریکا، ئەمەش تورکیای نیگەران کردووە و وای کردووە پەنا بۆ تۆمەتهەڵبەستن و ناشیرینکردنی هێزەکانی هەسەدە بەرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP