دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

تیکتۆکەرێکی ناسراو لە بەغدا دەستگیرکرا؛ تۆمەتی قورسی ئاڕاستە کراوە

هەرێم نیوز

هێزە ئەمنییەکانی عێراق جارێکی دیکە "حسحس"یان لە بەغدا دەستگیرکردەوە. ئەمجارە تەنها پرسی "ناوەڕۆکی نەشیاو" نییە، بەڵکو تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و تاوانی دارایی خراوەتە پاڵ، کە سزاکەی بەپێی یاسای عێراقی زۆر قورسترە.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە دەسەڵاتدارانی چاودێریی دارایی لە عێراق ماوەیەکە چاودێری هەژمارە بانکییەکان و ئەو دیارییە داراییانەیان کردووە کە لە تیکتۆکەوە بۆ ئەم کەسانە دێت. لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە حسام عەناد ناسراو بە "حسحس"، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک پەردەیەک بۆ سپیکردنەوەی ئەو پارانە بەکارهێناوە کە سەرچاوەکەیان نادیارە.

ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی بە ناوی "پڕۆژەی چاکسازی ناوەڕۆک" دەستپێکردووە. حکومەت دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم جۆرە دەستگیرکردنانەوە، پەیامێک بنێرێت بۆ تیکتۆکەرەکان کە چیدی ناتوانن لەژێر ناوی "کۆمیدیا یان دیاریی هەواداران" پارەی گوماناوی و قاچاخ ئاڵوگۆڕ بکەن.

حسحس کە یەکێکە لە پڕبینەرترین تیکتۆکەرەکانی عێراق، پێشتر لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردووش دەستبەسەر کرابوو، بەڵام بە کەفالەتێکی زۆر ئازاد کرا. چاودێران پێیان وایە ئەمجارە بەهۆی هەبوونی تۆمەتی دارایی، ئازادکردنی بەو ئاسانییە نابێت و ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی سزای زیندانیی درێژخایەن ببێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP