هەرێم نیوز
ئەمڕۆ هەینی، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند، تاران هەرجۆرە دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەی بە توندی ڕەتدەکاتەوە.
عراقچی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوانەی بەم دواییانە بەهۆی ناجێگیریی نرخی دراوەوە زیانمەند بوون، مافی خۆیانە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بکەن، بەڵام ئاژاوەگێڕی و هێرشکردنە سەر بنکەکانی پۆلیس و بەکارهێنانی بۆمبی مۆلۆتۆڤ قبوڵکراو نییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوو لە ترەمپ وتی، پێویستە سەرۆکی ئەمریکا لە هەموو کەسێک باشتر بزانێت کە هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی قبوڵکراو نییە، چونکە خۆی پاسەوانی نیشتمانی لەسەر سنوورەکان بڵاوەپێکردووە. هەروەها وتی: "پەیامەکەی ئەمڕۆی ترەمپ هەڵەشانە و مەترسیدارە و پێدەچێت لەژێر کاریگەریی ئەو کەسانەدا بێت کە لە دیپلۆماسی دەترسن."
جەختی لەوەش کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدان و وتی: "ئەگەر سەروەریی ئێران پێشێل بکرێت، هێزەکانمان بە تەواوی دەزانن تیرەکانیان ئاراستەی کوێ بکەن."
ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دایە تاران لە بەرامبەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران. گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەگەڵ دەستبەکاربوونی ترەمپ گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا، بەتایبەت کە هەردوولا لەسەر دۆسیەی ناوخۆیی ئێران و نفووزی هەرێمایەتیی ئەو وڵاتە لە ململانێیەکی توندادان.